Saturday 19 February 2011

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت دەستی حزب لەناو زانكۆدا دەربهێنێت


به‌دواداچوون: هێمن مەلازادە ــ

بەشێكی زۆر لە قوتابیان بە نیگەرانییەوە باس لە ژیانی ناو زانكۆ دەكەن و پێیانوایە زانكۆكان نەبوونەتە پێگەیەك بۆ پێگەیاندنی كەسی بەتوانا و تەكنۆكرات، بەڵكو بەپێچەوانەوە كارگەی دروستكردنی كادیری حزبەكانن، قوتابییەكی زانكۆش ئاماژە بەوە دەكات حزب بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردەرە لەناو زانكۆدا و سەرۆك بەشێكیش دەڵێت: پێویستە لەچوارچێوەی یاسایەكدا كاری حزبایەتی لەناو زانكۆ رێكبخرێت.



زیلان عەلی قوتابی قۆناغی چوارەمی بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئەدەبیات لە لێدوانێكیدا بۆ رووبەر دركاندی كە لە ناوەندەكانی خوێندندا بەتایبەتی لە كۆلێژی ئەدەبیات دەستێوەردانی زۆر هەیە و كاریگەریشی لەسەر پرۆسەی خوێندن لە زانكۆدا هەیە، نموونەشی بەوە هێنایەوە كە "ئەوانەی حزبین لە زۆربەی كاتەكاندا بەشداری وانەكان ناكەن و ئامادە نابن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا غیاب نادرێن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا ئەو قوتابییە حزبییانە لە كۆتایی ساڵیشدا هەموویان لە ریزی پێشەوەی 10 یەكەمەكانن و باشترین نمرە بەدەستدەهێنن، "بۆ خۆم زۆر دەخوێنم و لە هەموو وانەیەكیشدا ئامادە دەبم، كەچی نمرەی ئەوان لە نمرەی من بەرزترە".

زیلان هێمای بۆ ئەوەشكرد "حزبایەتی و خوێندن تێكەڵاوبووە، هاوكات دوای تەواوكردنی كۆلێژیش قوتابییە حزبییەكان لەناو زانكۆكانیاندا دادەمەزرێنەوە و دەستیشیان لەناو هەموو بەشەكاندا دەڕوات".

هۆشمەند سادق قوتابی زانكۆ و نوێنەری قوتابیان لەمبارەوە بەرووبەری وت "بەپێی پرەنسیپەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، هەركەسێك ئەندامی حزبەكەی ئەوان نەبێت، بۆی نییە ببێتە نوێنەری قوتابیان لە پۆلەكەی خۆیدا". وتیشی "بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی نزیكەی 6 ساڵ بەر لە ئێستا، یەكێتی قوتابیانی كوردستان و كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، نوێنەرایەتی قوتابیان لەناو زانكۆ و پەیمانگەكاندا بە مافی سەرەكی خۆیان دەزانن".

لای خۆیەوە بەختیار حەمید قوتابی بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین، باسی لە جیاوازییەكی دیكەی نێوان قوتابیانی حزبی و ناحزبی كرد و وتی "ئەو قوتابیانەی سەر بە حزبن و ئەندامی حزبن، زۆر بەبێ منەتی و هەر رۆژەی بە ئۆتۆمبێلێكەوە دێنە ناو كۆلێژەكەی ئێمەوە و بەردەركی بەشەكەی ئێمەیان كردووە بە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێلەكانیان، بەڵام ئەوانەی سەر بە حزب نین ناتوانن ئەمكارە بكەن".

بەختیار حەمید وتیشی "راگری كۆلێژ ئەگەر كەسێك حزبی نەبێت مۆڵەتی هێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی بۆ ناكات".

هاوكات دكتۆر رەزوان بادینی سەرۆكی بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددین لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رووبەر رایگەیاند ئەگەر بێتوو گەنجانی كورد لە سیاسەت دووربخرێنەوە، زەرەرێكی گەورەیە لە كورد دەكەوێت، بەڵام كارێكی باشیش نییە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكان ببنە شوێنی ململانێ و شەڕی سیاسی لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا، وتیشی "ناكرێت بڵێین هەركەسێك سیاسەت بكات هەڵەیە، بەڵام لەناو زانكۆدا پێویستە یاسا هەبێت و دەستنیشانی ئەوە بكات چی مومكینە و چی مومكین نییە".

رووبەر ویستی لەمبارەیەوە راگری كۆلێژی ئەدەبیات بەڕێز دكتۆر عەبدولحەمید بەرزنجی بدوێنێت، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك لەمبارەیەوە بدات، تەنیا وتی "بچن قسە لەگەڵ یەكێتی قوتابیاندا بكەن".

هەر لەمبارەوە فوئاد عەلی سمایل وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە لێدوانێكی تایبەت بە رووبەر رایگەیاند لە ساڵی رابردووەوە پرۆسەیەك لە وەزارەتەكەمانەوە دەستی پێكردووە بەناوی رەوتی ریفۆرمی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەو پڕۆسەیەش نیاز وایە لە هەموو ئاستەكانی خوێندنی باڵا ریفۆرم ئەنجام بدرێت، هەر لەناو خودی وەزارەتەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە زانكۆ و پەیمانگەكان.

فوئاد عەلی ئەوەشی وت "وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت دەستی حزب لەناو زانكۆ دەربهێنێت، بەڵام رێگری زۆریش هەیە، چونكە كلتوورێكی چەند ساڵە هەیە و ناكرێت بەئاسانی بنەبڕ بكرێت".

هەروەها وتی "خەڵكانێك لەناو زانكۆدا هەن حزب بەكاردەهێنن، كەچی حزب ئاگاشی لێ نییە، لە داهاتووشدا وەزارەت كەس بەبێ سیڤی و پێشبڕكێ دانامەزرێنێت، بەمەش رێگە لە هەر دەستێوەردانێكی حزبی دەگیرێت".

تێبینی: ئه‌م به‌دواداچوونه‌ له‌ رۆژنامه‌ی رووبه‌ر بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.
درێژه‌